بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، لە ڕۆژی (١٦/٣/١٩٨٨)، کاتژمێر (١١:٣٥) یانزە و سی و پێنج خولەکی پێش نیوەڕۆ، دەیان فڕۆکەی جەنگی ڕژێمی بەعسی سەددام، کەوتنە بۆردومانکردنی شارەکە بە چەکی کیمیاوی و بە چەکی کلاسیکی لە سەرەتادا گازی خەردەلی تێدا بەکارهات و دواتریش بۆ یەکەم جار لە مێژووی دروست کردنی چەکی کیمیاوی گازی دەمارەکان بەکارهات.
بەچاوی خۆیان لەژێر دوکەڵی ژەهری کوشندەی کیمیاوی قەدەغەکراودا بینییان، جەستەی هەڵەبجەییەکان وەک گەڵای دار کەوتبوو.
دەیان فڕۆکەی جەنگی (سیخۆی و میراج) ئاسمانی شارەکەیان داپۆشی و (١٥) پانزە جار شارەکە بۆردومان کرا. هەرجارەی (٨- ١٠) هەشت تا دە فرۆکە بەشداريی دەکرد و گازەکانی (خەردەل، سیانید، و فسفۆڕ)یان دەڕژاند بەسەر دانیشتواندا.
ئەوەی چاوەڕوان نەدەکرا ڕوویدا، لە کاتژمێر (٣) سێی پاش نیوەڕۆی (١٦/٣)دا، خەڵکەکە هەستیان بە بۆنێکی نائاسایی دەکرد، لە بۆنی سێوی شیرین دەچوو، هەندێکیان بە بۆنی عەتر و خەیار و سێو تێدەگەیشتن، ترسێکی بێوێنە باڵی کێشا بەسەر ئەو خەڵکەدا. ئەوەی توانییان بیکەن تەنها ئەوەندە کە درزی دەرگاو دیوارەکان بە خاوليی تەڕ بگرن و دەموو لوتیان بە قوماشی تەڕ داپۆشن، هەندێکیان ئاگریشیان لە ژوورەوەی پەناگەکاندا دەکردەوە.
ئەو هەڵەبجەییانەی کە لەو ژەهربارانە ڕزگاریان بووە، ئەوانەی چارەنوسیان وابوو کە بژین، باسی ئەو ڕۆژە دەکەن کە بەچاوی خۆیان لەژێر دووکەڵی ژەهری کوشندەی کیمیاوی قەدەغەکراودا بینییان، جەستەی هەڵەبجەییەکان وەک گەڵای دار کەوتبوو، ئاژەڵ و باڵندەکانیش هەمان چارەنووسیان هەبوو. خەڵک هەبوو لەبەر دەرگا، لەسەر جادە، لە ناو ئۆتۆمبێلدا گیانی سپاردبوو، زیندووەکان دۆخیان زۆر ناجێگیر و خراپ بوو، دەم و دەست و چاویان لە گۆ کەوتبوو. هەندێکیان بەبێ ویستی خۆیان پێدەکەنین، هەندێکیان پەلە قاژێی دەربازبوونیان دەکرد و کەمێک دەڕۆیشتن و دەکەوتن، چاویان باش بینایی نەدەکرد و وەک ئەوەی دەرزی ئاژنین بکرێن، کە میزیان دەکرد میزی خوێناوییان دەکرد. ئەوەش هەموو کاریگەری کوشندەیی ئەو چەکە کیمیاوییە قەدەغەکراوە بەکارهاتووانە بوون. دەرەوەی شارەکەش هەموو بۆردومان کرابوو بۆ ئەوەی ئەوانەی دەیانەوێت بیر لە خۆ دەربازکردن بکەنەوە لەوێش بە کاریگەری ژەهرەکان گیان لەدەست بدەن. هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کە بەشێک لەوانەی لە شار چوونە دەرەوە لە دەوروبەری شارەکەدا گیان لەدەست بدەن.
ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ ئامارێکی هەڵەبجەیان کردووەو (٣٢٠٠) سێ هەزار و دوو سەد ناویان لایە. وە بڕواشیان وایە کە (٤،٠٠٠- ٧،٠٠٠) چوار هەزار تا حەوت هەزار، لە هەڵەبجە خنکێنرابێت.
لەپێش جینۆسایدی هەڵەبجە، ژمارەی دانیشتوانی ناوەندی قەزای هەڵەبجە و گوندەکانی یەکەی کارگێڕییەکەی بەپێی سەرژمێری ساڵی (١٩٨٧)، کە لەلایەن ڕژێمی عێراقی لەناوچووەوە کرابوو، گەیشتبووە (١١٥٥٤٠) سەدو پانزە هەزار و پێنج سەد و چل کەس. کە لە شارەکەو (٢١٦) دوو سەدو شانزە گونددا نیشتەجێ بووبوون. لە دوای جینۆسایدەکە تەنها (١٨) هەژدە گوند مانەوە و (١٩٨) سەدو نەوەدو هەشت گوندەکەی تر وێرانکران و خەڵکەکەی ئاوارەکران و بوونە پەنابەر. سامانی ئاژەڵ و کشتوکاڵ و سروشت بەڕێژەی (١٠٠%) لە سەدا سەد لە ناوبران، چونکە سەرجەم ناوچەکەیان کرد بە قەدەغەکراو.
سەبارەت بە ژمارەی قوربانیانی جینۆسایدی هەڵەبجە، تا ئێستا ئامارێکی ورد لەبەردەست نییە. بەڵام ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ ئامارێکی هەڵەبجەیان کردووەو (٣٢٠٠) سێ هەزار و دوو سەد ناویان لایە. وە بڕواشیان وایە کە (٤،٠٠٠- ٧،٠٠٠) چوار هەزار تا حەوت هەزار، لە هەڵەبجە خنکێنرابێت. ئامارێکی تر ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ژمارەی کوژراوەکان دەگاتە (٥٤٦١) پێنج هەزار و چوار سەدو شەست و یەک کەس و ژمارەی بریندارەکانیش لە ناو (١٤) چواردە کامپی ئێراندا و بەپێی ئاماری ئێرانییەکان دەگاتە (١٢٨٠٠) دوانزە هەزار و هەشت سەد کەس.
بەشێک لەو بریندارانەشی کە ڕوویان لە ئێران کرد بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەر بەشێکیان لەوێ گیانیان لەدەست دا و هەر لەوێش نێژران لە گۆڕستانی بەهەشتی زەهرای تاران لە شوێنێکدا بەناوی (موقیعیت شهدای حلبجە)، کە ژمارەیان نزیکەی (١٧٠) سەد و حەفتا گۆڕە. هەر لە ئێران و پارێزگا کوردنشینەکانی ئێران نزیکەی (٧٣٠) حەوت سەد و سی گۆڕی تری شەهیدانی جینۆسایدی هەڵەبجە هەیە. بە تۆببارانی ئێرانیش بۆ گرتنی هەڵەبجە نزیکەی (١٥٠) سەد و پەنجا کەس کوژران.
بەشێکی ئەو بریندارانەش بەهۆی سەختی برینەکەیان و کوشندەی گازەکانەوە کە تا ئێستا چارەسەریان وەرنەگرتووە بەردەوام لێیان دەمرێت. ئەوانەشی کە ماون و لە ژیاندان لە دۆخێکی تەندروستی سەختتدان و گازە بەکارهاتووەکان دەیان کاریگەری وەک شێرپەنجەی سیيەکان، کاریگەريی سەر کۆئەندامی هەرس، کاریگەريی سەر پێست و چاو، کاریگەريی لەسەر کۆ ئەندامی هەناسەدان، بڵاو بوونەوەی نەزۆکی لەنێوان پیاوان و ئافرەتەکاندا و کەمبونەوەی بەرگريی نەخۆشی لە کەسانی ئاسایی، بەجێهێشتووە.
(١٩٨٨) ئەو ساڵە بوو کە قووڵترین جینۆساید لە مێژووی هاوچەرخی جینۆسایدەکانی دنیا لەدژی هەڵەبجە و هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا. ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بێدەنگیيان هەڵبژارد.
ساڵی (١٩٨٨) ئەو ساڵە بوو کە قووڵترین جینۆساید لە مێژووی هاوچەرخی جینۆسایدەکانی دنیا لەدژی هەڵەبجە و باشووری کوردستان ئەنجامدرا. ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بێدەنگیيان هەڵبژارد، لەبری ئەوەشی ئەو ڕێکخراوە هەڵوەشێتەوە و ڕەخنەی یاسایی و سەرکۆنەبکرێ، لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ویژدانە زیندووەکانی دنیاوە، کەچی پێچەوانەکەی ڕویداو خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ساڵی (١٩٨٨) بەهێزەکانی ئاشتی پارێزی ئەو ڕێکخراوە بەخشرا.
ئەرکی یاسايی و ڕەوشتمەنديی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو وەک دەستگای جێبەجێکاری یاسای نێودەوڵەتی، کە دادگایەکی تاوانکاريی نێودەوڵەتی پێکبهێنایە بەپێی بەشی حەوتەمی دەستووری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دادگایيکردن و سزادانی ڕژێمەکەی سەددام، بەڵام بەو ئەرکە هەڵنەستا.
لەپاش ڕوخاندنی ڕژێمی بەعسی سەددام و پێکهێنانەوەی عێراقی نوێ، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، یاسای ژمارە (١٠)ی لە (٩/١٠/٢٠٠٥) دەرکرد و بەو یاسایەش دادگای باڵای تاوانکاری عێراقی دامەزرا بۆ دادگایکردنی سەرانی ڕژێمی سەددام.
کەیسی هەڵەبجە یەکێک بوو لە کەیسەکانی جینۆسایدی کورد لە دادگای باڵای تاوانکاريی عێراقدا. یەکەم دانیشتنی دادگا لەسەر کەیسی هەڵەبجە لە (٢١/١٢/٢٠٠٨) ئەنجامدرا. لە (١٧/١/٢٠١٠) دادگا کەیسەکەی بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ناساند. لەبری ئەوەی کەیسەکە بە جینۆساید بناسێنێت. لەو چوارچێوەیەشدا سزای لەسێدارەدان بەسەر تاوانبار (عەلی حەسەن مەجید) جێبەجێکرا لە (٢٥/١/٢٠١٠).
پاش تێهەڵچوونەوە لە بڕیارەکەو لە (٢٨/٢/٢٠١٠)دا، پاش (٣٤) سی و چوار دانیشتن، دادگا بڕیاری بە جینۆسایدناساندنی کەیسی هەڵەبجەیدا، و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە وەک تاوانی جینۆساید لەلایەن دادگاوە ناسێندرا و یەکلاییکرایەوە.
هەریەک لە تاوانکاران (سوڵتان هاشم- فەرحان موتڵەگ- سابر عەبدول عەزیز) بە (١٥) پانزە ساڵ زیندانیکردن سزادران.
پەڕلەمانی عێراق-یش لە (١٧/٣/٢٠١١)، لە کۆبونەوەی ئاسایی ژمارە (٤٤)، بە بریاری ژمارە (١٢) کەیسی هەڵەبجەی بە جینۆساید ناساند.
بەڵام تا ئێستا کە ،،سی و پێنج،، ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر ئەنجامدانی تاوانەکەدا، قەرەبووی مەعنەوی و ماددی زیانلێکەوتوانی هەڵەبجە نەکراوەتەوە، کە بەگوێرەی یاسای عێراقی و نێودەوڵەتی ئەرکی حکومەتی ئێستای عێراقە وەک میراتگری حکومەتی بەعس بە ئەرکی قەرەبوکردنەوەکە هەستێت.
Your Comment